لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی گروپێكی ساختەكار دەستگیركران

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت" بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانەكە گروپێكی ساختەكاری لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرا كردووە، كە بە نیازبون بە بەڵگەنامەی ساختەوە بچنە وڵاتێكی ئەوروپییەوە". 

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی كاروباری فڕۆكەخانە و كۆنتڕۆڵكردنی ‏سەفەری گەشتیاران بۆ دەرەوەی وڵات، بەھۆی شارەزایی و لێهاتویی ئەفسەر و كارمەندەكانیان و بە هاوكاری ئاسایشی فڕۆكەخانە، دوێنێ سێشەممە لە گەشتی سلێمانی- دۆسڵدۆف توانیان ڕێگری بكەن لە ‏هەوڵێكی ساختەكاری گروپێكی گەشتیاران". 

راشیگەیاندوە" گروپەكە ژمارەیان (٢٤) گەشتیار بو و بە ‏نیازبون گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن، بەڵام دوای وردبینی لە دۆكیۆمێنت ‏و بەڵگەكانیان دەركەوت هەڵگری جۆرێك لە دۆكیۆمێنتن كە هیچ بەڵگەیەكی ‏فەرمی نەبووە بۆ سەفەركردن بۆ دەرەوەی وڵات". 

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:گروپەكە گواستراونەتەوە ‏بۆ بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانە و لە ئێستادا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان و ‏ بڕیاری كۆتایی لای دادگا دەبێت.


PM:01:25:06/10/2021