سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان ڕوونکردنەوە دەدات

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵایی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" هیچ ئامێرێکی دەنگدان لە کاتی دەنگدانی تایبەت لە کار نەکەوتووە.

جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هیچ گوشارێك لەسەر دەنگدەران نییە و ئەگەر هەشبن ئەوا ئێوە بەر لە من ئاگاتان لێ دەبێت". 
 
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: لە حەوتی بەیانییەوە تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لێرەن و بارودۆخ سەقامگیرە و سەرجەم وێستگەکان کراوەن و هیچ کێشەیەکمان نییە.

وتیشی" پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ناردنی پەیامێکی دڵنیاییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێستا هیوامان پێیەتی".

جەختیشیکردەوە: هەڵبژاردنی ئەمجارە بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و جیهان دەتوانێت هەڵبژاردنی ئەمساڵ جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ببینێت.

جەلیل عەدنان خەلەف ئاشکراشیکرد: هیچ ئامێرێک لە ئامێرەکانی دەنگدان پەکی نەکەوتووە و کێشەیان تێدا نییە و پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەسرەیە. 
 
کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە سەرتاسەری عیراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەستیپێکرد. 


AM:10:33:08/10/2021