حکومەتی هەرێم داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات هاوکاری میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بکەن

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات، ھاوکاری میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە، كارەكانیان ئەنجامبدەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" لە ١٠ی ئوکتۆبەری ٢٠٢١ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ڕووماڵ کردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات ڕێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی ڕاگەیاندن بكەن".

دەشڵێت" لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن". 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری داوا لە میدیا و ڕۆژنامەنوسان دەكات، لە چوارچێوەی هەمان ڕێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و ڕێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامی لە ئەرك دان.


PM:01:48:08/10/2021