دژەتیرۆری کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتییان دەکات

دژە تیرۆری کوردستان لەڕایگەیەندراوێکدا داوا لەهاوڵاتییان دەکات بەشێوەیەکی شارستانییانە خۆشی خۆیان دەرببڕن و تەقەی خۆشی نەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان داوا لە هاوڵاتییان دەکات" لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، بە مەبەستی دەربڕینی خۆشی و شادییەکانت بە هیچ شێوەیەک پەنا مەبەنە بەر تەقەکردن، وێڕای ئەوەی دیاردەیەکی ناشارستانی و نەخوازراوە، هاوکات دەبێتە هۆی دروستکردنی مەترسیی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان و رووداوی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دێنێت".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" داواکارین، هەر وەک چۆن لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پابەند بوون بە رێنماییەکانەوە، بە هەمانشێوە پابەند بن بە رێکارە ئەمنییەکانیشەوە".  

ئەوەشی خستەڕوو: هیوادارین هەمیشە لە خۆشی و شادیدابن، بەڵام بۆ دەربڕینی دڵشادییەکانتان تەنیا شێوازی شارستانییانە بگرنە بەر، جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک پەنا مەبەنە بەر تەقەی خۆشی، سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ئێوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە. 


PM:01:26:11/10/2021