فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە و دەڵێت" لە كاتی گەشتكردن، ھاوڵاتی پێویستە پێش كەمتر لە ٧٢ كاتژمێر، پشكنینی كۆڤید ١٩ی كردبێت و بە «negative» دەرچووبێت، بۆیە لەكاتی ڕۆشتندا تەنھا بە وەرگرتنی ڤاكسین ڕێگەپێدانی گەشتی پێنادرێت". 

دەقی ئاگادارییەكە:

لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای كۆڤید ١٩ و بوونی ڕێنمایی جیاواز لە وڵاتانی دەرەوەی عیراق و پرسیار كردنی زۆری ھاوڵاتیان ھەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پابەندی جێ بە جێ كردنی ڕێنمایەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوڵاتیان لەكاتی ڕۆشتن یاخود گەڕانەوە لە گەشتكردن، پێویستە لە ژێر چاودێری تیمەكانی تەندروستیدابن، لێرەدا جەخت دەكەینەوە كە ھێڵە ئاسمانی یەكان و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بەرپرسن لە ئاگاداركردنەوەی ھاوڵاتیان لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێم لە ھەر ڕێنمایەك كە لە وڵاتانی دەرەوە جێ بە جێ دەكرێت، و پێویستە پێشوەختە ھاوڵاتیانی لێ ئاگادار بكەنەوە، لەو ڕوانگەیەشەوە بە باشمان زانی ھاوڵاتیانی بەڕێز لە جێ بەجێ كردنی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە ئاگادار بكەینەوە :

١- بۆ ڕۆشتن : لە كاتی گەشتكردن، ھاوڵاتی پێویستە پێش كەمتر لە ٧٢ كاتژمێر، پشكنینی كۆڤید ١٩ ی كردبێت و بە «negative» دەرچووبێت، بۆیە لەكاتی ڕۆشتندا تەنھا بە وەرگرتنی ڤاكسین ڕێگەپێدانی گەشتی پێنادرێت، بەڵكو پێویستە پشكنینی (PCR)ی لە یەكێك لە نەخۆشخانە حكومی یە ڕێگەپێدراوەكان كردبێت، بە پێچەوانەوە بەپێ ی ڕێنماییەكان فڕۆكەخانە ھیچ پاساوێك قبوڵ ناكات بەوەی ھاوڵاتی پێشتر لە ووڵاتی دەرەوە ھاتبێتەوە ڕێگەی پێدراوە یا نا ئەوە بەرپرسیارێتی فڕۆكەخانە نییە.

٢- بۆ ھاتنەوە: ئەو ھاوڵاتیانەی بەڵگەی پشكنینی «negative» یان بەڵگە (كارت)ی وەرگرتنی ھەردوو ژەمی ڤاكسینی ھەڵگرتبێت ڕێگە پێدراوە و بە ئاسایی داغڵی ھەرێمی كوردستان دەبێت، وە ئەو كەسانەی ھیچ بەڵگەیەكیان پێ نەبێت، لەكاتی ھاتندا وپێش داغڵ بوونی تیمەكانی تەندروستی لەناو فڕۆكەخانەدا، پشكنینی (PCR)یان بۆ ئەنجام ئەدەن.

تێبینی یەكان:

١- كۆمپانیاكان بەرپرسن لە پێدانی زانیاری پێویست بە ھاوڵاتیان كە لە سەر ھێڵەكانیان گەشت دەكەن و بەرپرسیاریتی ھەر كێشەیەك بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە دەكەوێتە ئەستۆیان.

٢- سەبارەت بە منداڵان تا تەمەنی (١٠) ساڵ پێویستە تیمەكانی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری ھێڵە ئاسمانی یەكان ھەماھەنگ و ڕاوێژ بكەن لەبەر رۆشنایی ئەو ڕێنمایانە كە لە وڵاتانی دەرەوە دەرچووە سەبارەت بە ڕێگە پێدان یان ڕێگری كردن لە سەفەر كردنی ئەو منداڵانە بۆیە جەخت دەكەینەوە فڕۆكەخانە بەرپرس نی یە لە ڕێگرتنی منداڵان لە لایەن ھێڵە ئاسمانیەكانەوە .

لەگەڵ ڕێزدا

ھیوای سەفەری خۆش و تەندروستی باش بۆ ھەموو لایەك دەخوازین

فڕۆكەخانەی نیودەوڵەتی سلێمانی


PM:12:30:12/10/2021