سۆسیالیست: خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ئامادە دەکەین

مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی بەبۆنەی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆ رێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و لە هەر هەنگاو و هەڵوێستێکیش مەبەست و ئامانجمان سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ماف و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانە".

ده‌قی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست:

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوێکی تری دیموکراسی بوو بەسەرکەوتوویی گەیشتە ئەنجام.

سەرەڕای گۆڕان لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان و کێشە تەکنییکییەکان کە ئەزموونێکی نوێبوون بۆ هەمووان بەڵام بە ئارامی و ئازادی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشە و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی کورد لە کەرکوک و موسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی گەورەن و مایەی شانازین بۆ هەمووان.

لەگەڵ پیرۆزباییمان لە نوێنەرە لە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن، هیوادارین ئەم سەرکەوتنە هۆکاری بەهێزکردنی ڕیزەکانی گەل و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بۆ بەیەک دەنگ و لەیەک سەنگەر بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ماف و داوا ڕەواکانی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی ئاییندەی عێراقدا.

لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی  کوردستان دەکەین کە بەپەرۆشەوە بەشداری دەنگدانیان کرد کە ئامانجمان لە پشتیوانی بەربژێرەکان سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتی نوێنەراتی خەڵکی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

لە هەر هەنگاو و هەڵوێستێکیش مەبەست و ئامانجمان سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ماف و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانە.

مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان


PM:10:08:12/10/2021