کازمی هۆکاری بەشدارینەکردنی لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا ئاشکرا کرد


مستەفا کازمی یەکەم کۆبوونەوەی دوای هەڵبژاردن بە ئەنجومەنی وەزیران دەکات و هۆکاری دروستنەکردنی لیستی تایبەت بە خۆی ئاشکرا دەکات. 
ئەمرۆ پێنج شەممە ١٤ ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەستەفا کازمی رایگەیاند" 
"بەڵینەکەمان بەجێگەیاند و هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجامدارا بەبێ ئەوەی کێشەی ئەمنی و یاسایی لەهەڵبژاردنەکان تۆمار بکرێت".

کازمی لەمیانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، " بەشداریم لە هەڵبژاردندا نەکرد، بۆ ئەوەی پرۆسەکە پاک و بێ گەردی و راستگۆیی و متمانەی پێ ببەخشرێت و بەدوربێت لە هەرفشارێکی سیاسی".
کازمی راشیگەیاند، "متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیاواز بە عێراق، بووە بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردن بە بەرزترین ئاست ئەنجام بدرێت و دوور  بێت لە ساختەکاری، هەروەها بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن دوور بێت لە هەر دەستتێوەردان و فشارێکی حکومەت".

سەرۆک وەزیران وتیشی"دەبێت خۆمان، لەگەڵ کۆمەڵگا ئاشت بکەینەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیماندا بکەینەوە".

هاوکات ئەوەشی راگەیاند، "داوا لەو کەسانە دەکەم کە تانەیان لە هەڵبژاردنەکان داوە، داوای مافی خۆیان بکەن و پەیڕەوی ئەو چوارچێوەیە یاساییانە بکەن، داواش لە کۆمسیۆن و دەسەڵاتی باڵای دادوەری دەکەم بە یەکسانی مافی هەمووان بەدەست بهێنن".



PM:06:41:14/10/2021