پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا سنوری قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەکی بناری قەندیلیان بۆردومان کرد.
کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، " کاتژمێر ١٠:٤٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١٥/١٠ ناوچەی (کوێرەکانی) کە دەکەوێتە سنوری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت، لەلایەن فڕۆکەی جەنگیەوە بۆردومانکرا".
هەروەها دەشڵێت" ناوچە بۆردومانکراوەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دورە و روداوەکە بێ زیان بوە و "دانیشتوانی گوندی گەڵاڵە سەلامەتن".
لەلایەکی ترەوە لە ناوچەی کوێستانەکانی قەندیل فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی چەند شوێنێکیان کرد.
تا ئێستا میدیاکانی نزیک پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.