پەرلەمانتارێک بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سوته‌مه‌نى نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى سەرۆکی حکومەت ده‌كات

ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" بۆ چارەسەری گرانبونی بەنزین لەمانگێکدا پێشنیاز دەکەم حکومەتی هەرێم رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل لەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەکات، بیدات بە پاڵاوگەکانی کەڵەک، بازیان و لاناس". 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین و نەوت و گازوایل پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاندوە" نرخی سوتەمی بەشێوەیەکی بەرچاو گراندەبێت، ئەم پێشنیارەی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دەیخەمەڕوو، پێشتریش چەندین جار بۆ حکومەتم ناردوە، بەبێ ھیچ پشتیوانییەکی دارایی دەتوانرێت بە کوالێتییەکی باش سوتەمەنیەکی باش دابینبکرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: هۆکاری گرانبونی بەنزین ئەوەیە بەشی ھەرە زۆری سوتەمەنی لەدەرەوە دێت، پاڵاوگە نەوتی خاو بە نرخی جیھانی دەکڕێت و قازانجی لێوەردەگرێت، قازانجی بازرگان و گومرگ و تێچوی گواستنەوە ھەموی دەچێتە سەر نرخی سوتەمەنی و ئەو بەنزینەی جاران لە ئێرانەوە دەھات، بەو شێویە نەماوە.

ئەوەشی خستۆتەروو: ھیچ حوکمڕانیەک نیە لە دونیادا پاڵاوگەی ھەبێت نەوتی خاوی ھەبێت، بەڵام نەوت نەپاڵێوێت و ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار بۆ کڕینی سوتەمەنی بچێتە دەرەوە!، هەروەها سێ پاڵاوگەی نەوت ھەن لە کوردستان(کەڵەک " کار" ، بازیان "قەیوان" و لاناس، توانای پاڵاوتنی 240 ھەزار بەرمل نەوتیان ھەیە لە ڕۆژێکدا، کار 175 ھەزار بەرمیل و قەیوان 40 ھەزار بەرمیل و لاناس 30 ھەزار بەرمیل، کە نزیکەی دو ھێندەی پێداویستی خەڵکی کوردستانە. بەڵام لە ئێستادا تەنیا پاڵاوگەی کار 25 ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بەرھەمەکەی ڕۆژانە نزیکی ملیۆنێک لیترەو ئەویش بە چەند بەنزینخانەیەک لە ھەولێر دەدرێت! کار بەتەنیا دەتوانێت کێشەی سوتەمەنی چارەسەر بکات.

باسی لەوەشکردووە: بەبێ ئەوەی حکومەت پشتیوانی بکات، تەنیا ئەم خەرجیانە بگەڕێتەوە بەسە بۆ ئەوەی نرخی بەرھەمە نەوتیەکان دابەزێت و بە کوالێتیەکەشی باشتر بێت، ئەوانیش "یەک: کرێی بۆری بۆ ھەر بەرمیلێک بەنرخی ئێستا 12 دۆلارە، دەگەڕێتەوە. دو: داشکاندن لەو نرخی نەوتەی کە دەکڕێت، کە ھەرێمی کوردستان 12 دۆلار کەمتر لە برێنت دەیفرۆشێت. سێ: گەڕانەوەی قازانجی بازرگان و تێچووی گواستنەوەو گومرگ و رسوماتی کۆمپانیا. بۆیە ھیوادارم تەنیا مانگێک کار بەم پێشنیار بکرێت، بە پاڵاوتنی 100 ھەزار بەرمیل نەوت دەستی پێبکرێت.


AM:09:08:18/10/2021