لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ دەستیپێكردەوە

بەیانی ئەمڕۆ لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە شاری سلێمانی لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێکرد و داوا دەكەن حكومەت بەبێ جیاوازی و لەسەر بنەمای خزمەت و ساڵانی دەرچوون، هەلی دامەزراندنی هەمشەییان بۆ بڕەخسێنێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ لە قەزایی ڕانیە و قەڵادزێ و ئیدارەی گەرمیان گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام داو داوای دامەزراندنی هەمیشەیی و پێدانی شایستە داراییەکانیان دەکەن. 

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە وەزارەتى دارایى و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دابینکردنى بڕى (٣٠٠) بۆ (٣٥٠) هەزار دینار بۆ مامۆستایانی وانەبێژى دەرچووى پەیمانگاکان. 

هەروەها بەپێى بڕیارەکەى دارایی هەرێم، هەر وانەبێژێکى دەرچووى زانکۆش بڕى (٤٠٠) بۆ (٤٥٠) هەزار دینار دەبێت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم ڕەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی یان كۆمەڵێك مافی دیكە دەکەن کە بۆیان دابینبكرێت.


AM:10:35:20/10/2021