بەهۆی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی رێگای سەرەکی نێوان دوو پارێزگا داخرا

کەمێک پێش ئێستا بەهۆی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە قەزای چەمچەماڵ دەستیپێکرد و رێگای سەرەکی نێوان (کەرکوک - سلێمانی)یان داخست. 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، بەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین بەشێك لە شۆفێران لە بانی مەقان سەر بە قەزای چەمچەماڵ گردبوونەوە و رێگەی سەرەكی نێوان کەرکوک و شاری سلێمانییان داخست و داوادەكەن نرخی بەنزین هەرزان بکرێت. 

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، کە ئەوەش نیگەرانی شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە.

ئێوارەی دوێنێش حیزبی شیوعی كوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕۆژ بەڕۆژ گرانبوونی سووتەمەنی و سەرجەم كاڵاكان و پێویستیەكانی ژیان كە بۆتەی هۆی دروستكردنی بارگرانی و قوڕسای زۆر لەسەر ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتیان و بە تایبەت خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت، حزبی شیوعی كوردستان لەبەردەم پەرلەمەنی كوردستاندا گردبوونەوەیەك ڕێك دەخات". 

ئەوەشی خستەڕوو: داوا لە سەرجەم هاوڕێیان و دۆستان دەكەین كە بەشێوەیەكی بەرفراوانی بەشداری تێدا بكەن و دەنگی ناڕەزایەتیان بەرز بكەنەوە لە رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢١ی ١٠ی ٢٠٢١ كاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.


AM:11:42:20/10/2021