وردەکاری دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی باڵا لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەخرێتەڕوو

دوای ئەوەی ئەفسەرێكی باڵای پۆلیسی دارستان بە فەرمانی بریکاری وەزیری ناوخۆ لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستگیرکرا، ئێوارەی ئەمڕۆ فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرچوو. 

ئەركان رەحمان، مقەدەم لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی ئیدارەی گەرمیان لە پەیامێکیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای لە قوباد تاڵەبانی كردبوو، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی ئیدارەی گەرمیان بكات و وازیش لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بهێنێت و لەبری ئەوە پۆستێكی دیكە وەربگرێت، لەدوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکە، لەسەر بڕیاری بریکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ناوبراو دەستبەسەر کرا و بڕیاری لێکۆڵینەوە درا لەگەڵیدا. 

لەوبارەیەوە شوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە میدیاکانی یەکێتی راگەیان" دوای ئەوەی دوو رۆژ پێش ئێستا مقەدەم ئەرکان رەحمان، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان دەستگیرکرا، ئەمڕۆ بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئازادکرا ".
 
دەقی پۆستەكەی مقەدەم ئەركان رەحیم:  

بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم  

گۆڕینی بەرپرسانی حکومەت و گۆڕینی نوسینگەی تایبەتیت و ڕاوێژکاران و ئەوانەی نوێنەرایەتیت دەکەن کە بەڕێزتان بڕیارتان لەسەری داوە دڵنیام پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت لەلایەن جەماوەرەوە بەتایبەت گۆڕینی بەڕێز خودی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش لەبیر مەکەن جا لێرەشەوە پێشنیارێکی ترم هەیە گەر گۆڕانکاریەکە خودی بەڕێزتانیش بگرێتەوە دڵنیام پێشوازی گەرمتری لێدەکرێت خۆ ناکرێت تاکو قەرەی قیامەت بەجێگری بمێنیتەوە بەپێێ ڕێکەوتن دەکرێت سەرۆکی هەرێم یاخود هەر بەرپرسیاریەتیەک کە شایەنی ئێوە بێت لەداهاتوو وەریبگرن .  

تێبینی / نان و پیاز خۆرەکان گەردنتان ئازاش بێت دڵنیام نان و پیازیشی پێوە دەخۆن .  


PM:08:06:22/10/2021