خۆپیشاندانی مامۆستایان گەیشتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران

نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ درێژەی هەیەو ئەمڕۆش شەممە لەچەندان شار و شارۆچکە دەستیپێکردەوەو لە هەولێر خۆپیشاندان گەیشتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

هەرچەندە هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێم بڕیاری چارەسەر کێشەی مامۆستایانی وانەبێژی دەرکرد کە ٢٠ هەزار مامۆستا زیاترن، بەڵام خۆپیشاندانی ئەو توێژە بەردەوامن و ئەمڕۆ لە چەندان شوێنێ سلێمانی و هەولێر خۆپیشاندان دەستیپێکردو لە هەولێر کاروانی خۆپیشاندان چوونە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

مافەکانی مامۆستایانی وانەبێژ وەک لە خۆپیشاندانەکاندا جەختی لەسەر دەکەنەوە، گۆڕینی وەسفی وەزیفیانە لە وانەبێژیەوە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی.

هەروەها باس لەوەش دەکەن ماوەی نزیكەی دە ساڵە هیچ دامەرزاندێنك نەكراوەو مامۆستای وانەبێژ هەیە زیاتر لە ٦ ساڵە لەخوێندنگەكان وانە دەڵێنەوەو خزمەت دەكەن و ئەركێكی زۆریان هەیە، بەڵام مافیان پێنادێت.

ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە وانەبێژی سێ مانگی ساڵی 2020یان پێنەدراوە، بۆیە ئەركەكانیان جێبەجێكردوەو مافەكانیان پێنەدراوە.

هەروەها داوا دەکەن حكومەت لەبری ئەوانەی خانەنشین دەكرێت مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزێنرێن.

خۆپیشاندانی مامۆستایان بەردەوامەو دووپاتی دەکەنەوە بەردەوام دەبن لەسەر بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن و تا كێشەكانیان چارەسەر نەكرێت ئامادەنین بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.



AM:11:52:23/10/2021