سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هاتنەوەی ناوی خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەییەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ئێستادا چەند گرفتێک هەیە بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامەکان رانەگەیەنراوە".
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی کاراکردنی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابییانی ١٢ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند" لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ ھۆکاری دواکەوتنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پێنجشەممەی رابردووەوە لە ناوەندی وەرگرتن رێکارەکان تەواو ببوون، بەڵام ھەندێک گرفت لە وانەی کەوا راستەوخۆ مامەڵەی وەرگرتنیان پێشکەش کردبوو ھاتەپێش، ئێستا کاری وردتری پێویستە".
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشکردووە: ئەمڕۆ ئەنجامەکانی زانکۆلاین رانەگەیێندرا و دواخرا تاوەکو لێکۆڵینەوەی باشتر بکرێت و ھەڵەکانی ساڵی رابردوو دووبارە نەبنەوە.
هاوکات عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی داواش لە قوتابییان دەکات" پشوو درێژتربن و کارەکان بەرەو تەواوبوون دەچێت و لە کاتێکی نزیکدا ئەنجامەکان رادەگەیێندرێت".