دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان راگیرا

ئەمڕۆ دوای ٥٠ رۆژ پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی راگرت.

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، هەرچەندە ئەمڕۆ سێشەممە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد و لە دوای بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە بەهۆی ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆبونەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگیرا.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان داوای ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری پەروەردەیان کرد لە پەرلەمان، بەڵام رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی راگرت.

بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و تیایدا چەند پرسێک بخرێتەڕوو، لەوانە، خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سوتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار تاوتوێ بکرێت.


PM:12:35:26/10/2021