وەزارەتی دارایی هەرێم هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئاشکرا دەکات

وەزیری دارایی و ئابوری ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی تایبەتمه‌ندن بە كۆكردنەوەی داهات، كۆبوەوە و رایگەیاند" بە پێشخستنی جوڵەی بازرگانی لە سنورەكە و كارئاسانی بۆ بازرگانن و هاوڵاتیان دەتوانن داهات زیاد بكەین". 

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی تایبەتمه‌ندن بە كۆكردنەوەی داهات، كۆبوەوە، باسی لە كێشەی كەمی پارەی نەختێنە (سیولە) کرا". 

وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەشکردووە: كەمی سیولە و داهات لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی مووچە و بەرەوپێشچونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتیان. 

وەزیری دارایی و ئابوری ئەوەشی خستەڕوو: بە پێشخستنی جوڵەی بازرگانی لە سنورەكە و كارئاسانی بۆ بازرگانن و هاوڵاتیان دەتوانین داهات زیاد بكەین و كەمی پارەی نەختێنەیش نەبێتە ڕێگر. 

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانوبەری میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە.  


PM:03:46:28/10/2021