" دوای وەرگرتنی خوێندکارانی کۆنمرەیان ٩٩ لە پزیشکی گشتی، شوێنەکانیان بەنمرەی خوار ٩٩ پڕ دەکرێتەوە "


بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" وەزارەت بڕیاری دا كە ئەو قوتابیانەی كۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە كە 58 قوتابین، لە كۆلێژی پزیشكیی گشتی وەربگیرێن، هەروەها ئەو كورسیانەشی كە چۆڵ دەبن لە پزیشكی دەرمانسازی و ددان، قوتابیانی تر سەردەكەون كە داوایان كردووە لەم كۆلێژانە وەربگیرێن و وەرنەگیراون".

د. گەلاوێژ عوبێد سیان بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە " كێشەی ئەو قوتابیانەی كۆنمرەكانیان سەروو 99ـیە، چارە كراوە و سبەینێش لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆدەبنەوە بۆ چارەكردنی كێشەی قوتابیانی وەرنەگیراو لە كۆلێژ و پەیمانگاكان".

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە دەشڵێت "دوای ئەوەی ئەو قوتابیانەی كۆنمرەیان سەرووی ٩٩یە و لە كۆلێژی پزیشكی وەرنەگیرابوون، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا هاتینە سەر هێڵ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەت بڕیاری دا كە ئەو قوتابیانەی كۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە كە 58 قوتابین، لە كۆلێژی پزیشكیی گشتی وەربگیرێن، هەروەها ئەو كورسیانەشی كە چۆڵ دەبن لە پزیشكی دەرمانسازی و ددان، قوتابیانی تر سەردەكەون كە داوایان كردووە لەم كۆلێژانە وەربگیرێن و وەرنەگیراون".

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا باسی لەوەش كرد، سبەی یەكشەممە، وەكو لیژنەكەیان كاتژمێر ١٠ی بەیانی، كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە بۆ چارەكردنی كێشە و گرفتی قوتابیانی تر كە وەرنەگیراون و، چەند بابەتێكی تری پەیوەست بە قوتابیان".

سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێڵیش، د. گەڵاوێژ ئاماژەی دا: "بۆ كرێی خوێندنی پارالێڵ لە زانكۆ و پەیمانگاكان، بۆ ئەمساڵیش لەسەدا ٤٥ داشكاندن دەكرێت و نووسراویش كراوە، پێشتر ئێمە داوامان لە وەزارەت كردبوو بۆ دابەزاندنی كرێی خوێندنی پارالێڵ، بۆیە بڕیارەكە دەرچووە و، ساڵانەش جەخت دەكەینەوە كە بڕیارەكە نوێ بكرێتەوە".



PM:02:29:30/10/2021