وەزیری خوێندنی باڵا: هەموو خوێندکارانی ١٢ وەردەگرین‌و ناهێڵین کەس لەسەر شەقام بمێنێ ( نوێکراوەتەوە)

وەزیری خوێندنی بالآ، ئارام محەمەد رایگەیاند" هەموو خوێندکارانی ١٢ وەردەگرین و ناهێڵین کەس لەسەر شەقام بمێنێ و لە دوو رۆژی داهاتوودا پلانی خۆم رادەگەیەنم".

د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی بالآ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەیدا لە هەولێر رایگەیاند " سەرجەم کێشەی وەرگرتنی خوێندکارانی ١٢ چارسەر دەکەین و دادوەری دەگەڕێنینەوە بۆ بواری خوێندنی باڵا".

وەزیری خوێندنی بالآ داوا لە خوێندکاران دەکات کە بگەرێنەوە ماڵەکانیان و کۆتایی بەخۆپیشادانەکان بهێن و بەڵێنی سەرجەم چارەسەرکردنی کێشەکانی پێدان.

بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەی وەزیری خوێندنی باڵادا، لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان و وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی دەرچوانی پۆلی دوازدە درا.

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" مافی خوێندكاران نافەوتێت و لە نمرەی ٥٠ تا ١٠٠ هەموویان وەردەگیرێن و لە ٢٤ كاتژمێری داهاتووداکێشەکانیان چارەسەر دەکرێت". 

ڕاشیگەیاند "هەموو خوێندكاران دڵنیا دەكەینەوە كە كەس مافی نافەوتێت و كورسی خۆڕایی لە بەشەكانی خوێندنی باڵا زیاد دەكرێن."
 
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەشێك لە دەرچووانی پۆلی ١٢ لە زۆرێك لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم خۆپیشاندان دەكەن و ناڕازین لەوەی كە بەشێكیان لە هیچ زانكۆ و پەیمانگایەك وەرنەگیراون و بەشێكی دیكەشیان بەپێی ئەو نمرەیەی بە دەستیان هێناوە لە شوێنی شایستە وەرنەگیراون.

  

PM:12:26:31/10/2021