سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پردێی سەر بە پارێزگای کەرکوک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو ھێرشە تیرۆریستییە جارێکی دیکە گرنگی ھەمانگی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دوپات دەکاتەوە".

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" زۆر خه‌مباربوم به‌ شه‌هیدبونی هەر دو پێشمەرگەی قارەمان خالید حەمید ھەیاس کاکەیی و ئاکۆ کەریم قادر لە هێرشی شەوی ڕابردوی تیرۆریستانی داعش لە پردێ".

ئەوەشی خستەڕوو: ئەم ھێرشە تیرۆریستییە، جارێکی دیکە گرنگیی ھەمانگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ھاوکاریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دوپات دەکاتەوە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان.

شەوی ڕابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر فەوجی دووی لیوای (١٠)ی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی زرگەزراو لە سنوری میحوەری کەرکووک، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون.


PM:01:24:31/10/2021