حکومەتى هەرێم دەربارەی هێرشەکەى شەوى رابردووى داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراوەو و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە". 

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە" شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەی زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری كەركوك، هێرشێكی ترسنۆكانەیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەكانی (خالید حەمید هەیاس و ئاكۆ كەریم قادر) شەهید بوون". 

ئەوەشی خستەڕوو: هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەلماندویەتی تاكە هێزی متمانە پێكراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە، كە لە ھەر جێگایەكدا بێت ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ تەواوی عێراق

شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەی زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری كەركووك، هێرشێكی ترسنۆكانەیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەكانی خالید حەمید هەیاس و ئاكۆ كەریم قادر شەهید بوون.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەكەین و لە خوای مەزن داواكارین سەبووریان بدات.

هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەلماندویەتی تاكە هێزی متمانە پێكراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە، كە لە ھەر جێگایەكدا بێت ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هێرشە بەردەوامەكانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە هێشتا ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەكمان كار بكەین بۆ ڕیشەكێش كردن و كۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە.

د جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٣١ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١


PM:04:42:31/10/2021