فراكسیۆنی کۆمەڵ بایكۆتکردنی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ڕاگەیاند

فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بایکۆتکردنی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ڕاگەیاند و دەڵێت" تەنها كات كوشتن و هەوڵدانە بۆ داپۆشینی ئەو فەشەلە گەورەیەی دەسەڵات توشی بووە". 

فراكسیۆنی كۆمەڵەی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بڕیارماندا بە بایكۆتكردن و بەشداریی نەكردن لەو كۆبوونەوەیەی كە بڕیارە سبەی چوارشەممە سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامی بدات لەبەر ئەم هۆكارانە: 

یەكەم: سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئاستی كێشە و داواكاریی خەڵكی كوردستاندا نیە، كارێكیان كردووە كە پەرلەمان نەتوانێت بە ئەركی ڕاستەقینەی خۆی هەڵسێت!

دووەم: ئێمە پێمانوایە پرسی گەندەڵیی و تاڵانكاریی (ڕێكخراو)ـی سامانی گشتیی، كۆچی بەلێشاوی خەڵك بۆ دەرەوەی وڵات كە خەریكە دەبێتە كارەسات، بێكاری و هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی و برسێتیی، مافی خوراوی فەرمانبەران و خەمی ئەو دەیان هەزار دەرچووەی زانكۆ و پەیمانگاكان لەپێشترن تا قسە و كۆبوونەوەی جدی لەسەر بكرێت.

سێهەم: دووەم: وەڵامی یاداشتی ٥٤ پەرلەمانتاریان نەداوەتەوە تایبەت بە لێپرسینەوە و هەڵوێست وەرگرتن دژ بەو ئاستە نزمە لە بێڕێزی و مامەڵەی پەرلەمانتارێكی دەسەڵات كە بە پەرلەمانتاران و زۆرینەی خەڵكی كوردستان كردی.

لە كۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی کۆمەڵ باسی لەوەشکردووە: ئەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیكەن، تەنها كات كوشتن و هەوڵدانە بۆ داپۆشینی ئەو فەشەلە گەورەیەی كە دەسەڵات توشی بووە. 


PM:04:43:02/11/2021