لاهور شێخ جەنگی: هەموو دەسەڵاتەكانم وەک هاوسەرۆك بەكاردەهێنمەوە

لاهور شێخ جەنگی نوسراوێكی ئاڕاستەی سەركردایەتی یەكێتی كردووە و ڕایگەیاندووە" هەموو دەسەڵاتەكانم کە لە پەیڕەو بۆم دیاریکراوە وەک هاوسەرۆك بەكاردەهێنمەوە". 

لاهور شێخ جەنگی لە نامەیەكدا کە ئاڕاستەی سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی کردووە دەڵێت" هەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە خۆم و چەند هەڤاڵێکی تری ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراون ڕەتدەکەمەوە، بەهۆی ئەوەی ناپەیڕەوین و لە دەرەوەی کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراون".  

ئەوەشی خستەڕوو: بەهۆی پابەند نەبوون بە خاڵ و بڕگەکانی ناو کۆبوونەوەکە و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، وەک هاوسەرۆک تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەو بۆم دیاریکراوە بەکاری دەهێنمەوە.    

دوو ڕۆژ پێش ئێستا بە نوسراوێك بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا بە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی.

دەقی نامەکەی لاهور جەنگی:   

بەڕێز/ سکرتارییەتی ئەنجومەنی سەکردایەتی   

بابەت - ئاگادارکردنەوە   

دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 2 - 11 - 2021 لەڕێگەی میدیاکانی دەرەوەی یەکێتی هەواڵی چەند بڕیارێکی ناپەیڕەوی هەڤاڵ (بافڵ تاڵەبانی)مان بیست، هەربۆیە دەمەوێت لێرەوە هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دڵنیا بکەمەوە کە:   

١ - هەموو ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە خۆم و چەند هەڤاڵێکی تری ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراون ڕەتدەکەمەوە، بەهۆی ئەوەی ناپەیڕەوین و لە دەرەوەی کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراون.   

٢ - لەپێناو پاراستنی کەرامەتی یەکێتییەکەمان، وە دوای ئەوەی کە هەڤاڵ بافڵ لەماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمانی پێشێل کردووە، لە ئێستاشدا ئایندەی یەکێتییەکەمان لە مەترسی لێکترازاندایە، بۆیە بڕیارم دا، هەموو ئەو دەسەڵاتە تەنفیزیانەی لەماوەی ڕابردوودا کە بەشێوەیەکی کاتی و تا ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ڕادەستی هەڤاڵ بافڵم کردبوو، لەپاش ڕووداوەکانی 8 - 7 - 2021 و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە ڕۆژی 15 - 7 - 2021، تایبەت بە کێشەی نێوان هاوسەرۆکان و ئاماژە بەنوسراوی ژمارە (٢١-ب\ک) بڕیادەری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە ڕۆژی 17 - 7 - 2021، بۆ لەمەودوا بەهۆی پابەند نەبوون بە خاڵ و بڕگەکانی ناو کۆبوونەوەکە و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، وەک هاوسەرۆک تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەو بۆم دیاریکراوە بەکاری دەهێنمەوە.    

٣ - پێتان ڕادەگەیەنم کە گشتاندنی ئەم نوسراوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی حزب بکرێت.   

لەگەڵ ڕێزدا   

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان 


PM:07:12:04/11/2021