دوای دوو رۆژ لە دەرکردنی لاهور جەنگی و چوار ئەندام سەرکردایەتی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمی یەکێتی بڵآویکردەوە لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆدا لە رێكەوت (٤/١١/٢٠٢١) تاووتوێی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق و دواپێشھاتەکان کرا.
هەروەها هاتووە "کۆبوونەوەکە ھەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراقی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و لیژنەیەکی تایبەتی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی ڕوانین و پڕۆژەی یەکێتی بۆ ئیستیحقاقەکانی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و بەشداری کورد بە یەک ریزییەوە لە بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان و دیاریکردنی ئەولەویاتەکانی ئەو دۆسیەیە".
یەکێتی وەک لەو راگەیاندنەدا هاتووە تەئکیدکردنەوە لەسەر بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی حزبی و رێکخراوەیی کردۆتەوەو، ئۆرگان و مەکتەبەکانی راسپارد لەبەر رۆشنایی دوا بڕیارە دروست و پەیڕەوییەکانی یەکێتیدا سەرجەم ھەڤاڵان جۆشبدەنەوە و بۆ قۆناغی لەمەودوای یەکێتییانە سازیان بدەن.