دەوڵەتی یاسا سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رادەگەیەنێت

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی یاسا سیناریۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رادەگەیەنێت و پێیوایە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە کۆتاییدا لەگەڵ کوتلەی سەدری رێکدەکەون گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێنن و لەو فراکسیۆنەشەوە سەرۆکی حکومەت دادەنرێت و دواتر لەگەڵ سونەو کورد رێکدەکەون.

محەمەد سەهیود سیاسی دیاری نێو دەوڵەتی یاسا بە میدیاکانی راگەیاندووە" کە لایەنەکان تا ئێستا چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و دوای ئەوە دەست بە جموجوڵە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت دەکەن".
  
دەشڵێت " سیناریۆی دوای هەڵبژاردن سەرەتا کوتلەی سەدری بە ئاراستەی هێزە سونییەکان و کوردەکان هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەمە سیناریۆیەکی دوورە بۆ پێکهێنانی حکومەت".

سەهیود، سیناریۆی دووەم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە هەوڵدەدات لەگەڵ هێزە سونەکان و کوردەکان هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدات، ئەمەش سەرکەوتوو نابێت، چونکە حکومەت ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و ناشتوانێت بە ئەرکەکانی هەستێت".
 
ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەگەڵ کوتلەی سەدری رێکدەکەون گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێنن و لەو فراکسیۆنەشەوە سەرۆکی حکومەت دادەنرێت و دواتر لەگەڵ سونەو کورد رێکدەکەون.



PM:02:23:05/11/2021