ناوەرۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەندرا

ئێوارەی ئەمڕۆ به‌ سه‌رپەرشتی بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ شاری سلێمانی كۆبووه‌وه‌، وەک راگەیەندرا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر تەوەری حزبایەتی کرا و راسپاردەی پێویست بۆ کۆبوونەوەی مەکتەب و ئۆرگانەکان درا.

کەمێک پێش ئێستا میدیای فەرمی یەکێتی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە" ئیوارەی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھۆڵی کۆبوونەوەکان لە شاری سلێمانی کۆبۆوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عیراق و رەوشی بەغدای پایتەخت و پرسی گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتی تازە لەگەڵ پەسەند کردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەم بارەیەوە کۆبوونەوە تەکیدی لە پێوستی یەکڕیزیی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە". 

ئەوەشخراوەتەڕوو: تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ رەوشی ناوخۆی کوردستان و ھەڵبژاردن و دەستووری گەلپەسەند کوردستان، ھەروەھا کۆبوونەوە لەسەر تەوەری حزبایەتی قسەی کرد و راسپاردەی پێویست بۆ کۆبوونەوەی مەکتەب و ئۆرگانەکان درا.


PM:07:23:06/11/2021