پارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر رەوانەی هەرێم کرا

بەغداد بڕی سێ ملیار دیناری دیکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر رەوانەی هەرێم کرد.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بە میدیاکانی ڕاگەیاند" پاش ئەوەی حکومەتی عێراق بڕی (٢٠٠) ملیار دیناری دیکەی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم نارد، هەر ئەمڕۆ بەغداد بڕی سێ ملیار دیناری تریشی وەک قەرەبووکردنەوەی لافاوەکەی هەولێری چەند رۆژی رابردوو رەوانەی هەرێمی کوردستان". 

رۆژی سێشه‌ممەی ڕابردووش جوتیار عادل، وته‌بێژی فەرمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرایکرد، به‌غدا سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ھەولێر خه‌رج ده‌كات.

ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورە بروسکە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی گرتەوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی لافاوێکی گەورە، بە تایبەتی لە شاری هەولێر، کە بەهۆیەوە (٥٠٠) خێزان کەلوپەلەکانیان بە تەواوی لە ناوچوون و (١٣٠) ئۆتۆمبێلیش ئاو بردنی و لە کار کەوتن. 


PM:07:20:08/11/2021