کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە


پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەدایە و لەهەموارکردنی چەند یاسایەکەوە بابەتەکە گۆڕدراوە بۆ باسی کۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەتی کۆچ لە ڕێگای وڵاتی بیلاروسیاوە. 

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لە پلانیدا بوو کۆبونەوەکەی تایبەت بکات بە دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک، بەڵام پەرلەمانتاران لەبارەی پرسی کۆچکردنی گەنجان دوان و داوایان کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەچارەیەکی خێرا بگرێتە ئەستۆ.

بەپێی بەنامەی کاری کۆبونەوە، لە تەوەری یەکەمدا دەنگ لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە یاسا دەدرێت به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

لەوانە، پرۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی ژمارە (30) ساڵی 1984 لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).

هەروەها،  پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

بڕیاریش بوو تەوەری دووەم تایبەت بێت بە بڕیاردان لەسەر بڕگەکانی چەند یاسایەک، بەڵام زۆربەی گفتوگۆکان بەلای کێشەی کوردانی کۆچبەر بەرێگای بیلاروسیادا شکایەوە، هەر لەو بوارەدا وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت و رایگەیاند، چیتر بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکات، چونکە سەرۆکی پەرلەمان رێگا نادات لەسەر پرسی کۆچبەران قسەبکرێت.  



PM:01:32:09/11/2021