سبەینێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەینێ سێشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر چەند پرسێک لە دەباشان کۆبێتەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، سبەینێ سێشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تەوەری گرنگی ناوخۆی یەکێتی تاوتوێ دەکرێت. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، لە کۆبوونەوەکە گۆڕانکارییەکان لە پۆستە ئیداری و حزبەکییەکانی نێو یەکێتى و پرسى پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق تاوتوێ دەکرێت. 

هاوکات بڕیارە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسى یەکێتی گفتوگۆ لەسەر سەردانەکەى بافڵ تاڵەبانى بۆلای مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بکرێت.

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا (لاهور جەنگی، ژینۆ محەمەد، شادمان مەلا حەسەن، ئاڵا تەحسین حبیب) دوربخرێتەوە، هەروەها ئەندامێتی (ئاراس جەنگی)ش بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵپەسێردرا.


PM:06:51:15/11/2021