دەستەی کەشناسی: بارانی بەخوڕدەبارێت

دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای چەند رۆژی داهاتووی ئاشکراکرد، پێشبینی دەکرێت بارانی بەخوڕ ببارێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی تشرنی دووەم، دەستەی کەشناسی عێراق بڵاوی کردەوە، کەشوهەوای شارەکان سبەینێ خۆرهەتاو و کەمێک هەور دەبێت لە تەواوی ناوچەکاندا و پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت.

دەستەی کەشناسی باسی لەوەش کرد، بۆ رۆژی شەممە کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق هەور دەبێت و ئەگەری بارانبارینیش دەبێت لەگەڵیدا وپێدەچێت لە هەندێک ناوچە بارانی بەخوڕ ببارێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەور و باران دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکان بارانەکە بەشێوەی بارانی بەلێزمە و بەخوڕ دەبارێت.

ناوچەکانی باشوریش، کەشەکە لەنێوان هەور و نیمچە هەوردا دەبێت و ئەگەری بارانبارینیش هەیە لە ناوچە جیاوازەکان و لە هەندێک لە ناوچەکان پێدەچێت بارانبارینەکە بەخوڕ بێت.

هەروەها رۆژی شەممە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی سەرتاسەری لە ناوچەکانی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن بەراورد بە ئەمڕۆ و رۆژی هەینی.



PM:02:41:18/11/2021