"توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەبێتە هۆی پشێووی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی"

‌لۆگۆی سەنتەری میترۆ
لەسەر خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت" توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەبنە هۆكاری پشێووی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانە". 

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بە ناونیشانی (توندوتیژی رەتدەکەینەوە) ئاماژەی بەوەکردووە" هیچ دڵنیاكردنەوەیەكی رەسمی بۆ ئەو داخوازیانە رانەگەینراوە، هێزە ئەمنییەكان داری كارەبای و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خوێندكاران بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێك و میدیاكارێك ئازاریان پێگەیشتووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەنتەری میترۆ ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و دەمانچەی كارەبای، چەند خۆپیشاندەرێك بریندار بوون و تیمی كەناڵەكانی كوردسات، رووداو، پەیام، ناسنیوز، پۆڵەتیك پرێس، ئازاریان پێگەیشتووە یان رێگری روماڵكردنیان لێكراوە.

ئەوەش هاتووە" هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی رەتدەكەینەوە پێمان وایە سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هۆكاری پەشێوین، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن". 


PM:02:19:22/11/2021