بایكۆت و خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەستیپێکردەوە( نوێکراوەتەوە)

بەیانی ئەمڕۆ بایكۆت و خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە بەشێک لە شار وشارۆچکەکانی هەرێم دەستیپێکردەوە و داوا دەکەن کە دەرماڵەی خوێندكاران خەرجبکرێت.

خۆپیشاندان وناڕەزایەتی ئەم بەیانییە لە هەندێک ناوچەی پارێزگای هەولێریش دەستیپێکرد، ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان لە ئێستادا لەبەردەم بینایەی وەزارەتی خوێندنی بالآ گردبوونەتەوە، هەروەها لە سۆرانیش خوێندکاران دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" ئەمڕۆ بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن و خۆپیشاندانی بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەستیپێکردەوە و خوێندكارانی زانکۆی سلێمانی دەروازەی سەرەکی زانکۆکەیان داخست و ڕێگە بە مامۆستایان و فەرمانبەران نادەن بچنە نێو هۆڵەکانی خوێندن".

وتیشى" خوێندکاران داوا لە حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەن دەرماڵەکانیان بۆ خەرج بکرێت، چونکە مافێکی سەرەکی خۆیانە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە تا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی". 

ماوەى سێ رۆژە خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگان دژی پێنەدانی دەرماڵەکانیان بەردەوامە، دوێنێش لە شاری سلێمانى گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خوێندکار بریندار کران کە یەکێکیان خوێندکارێکی کچ بوو برینەکەی قورس بوو، گیراوەکان دواتر ئازادکران. 


AM:09:32:23/11/2021