ئاسایشی سلێمانی: ئەو كەسەی شەق لە سەری خۆپیشاندەرەکە دەدات دەستگیركرا

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەسەر دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" چەند کەس و لایەنێک بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لە رێی چەند کەسێکی گومان لێکراوەوە هەوڵیاندا ئاڕاستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندکاران بەلارێدا بەرن".

بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەکاتێکدا خوێندکاران وەک مافێکی رەوای خۆیان خۆپیشاندانیان ئە‌نجامدا بەمەبەستی خستنەڕوی چەند داواکاریەک و هێزە ئەمنییە‌كانیش وە‌ك ھە‌میشە‌ ئە‌ركی سە‌رشانی خۆیان جێبە‌جێ دە‌كرد لە پارێزگاری و  پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران، بە‌داخە‌وە‌ چەند کەس و لایەنێک بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لەرێی چەند کەسێکی گومان لێکراوەوە هەوڵیاندا ئاڕاستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندکاران بەلارێدا بەرن بەرەو توندو تیژی و تێکدانی ئارامی شاری سلێمانی لە رێگەی پەلاماردانی بارەگا حکومی و حیزبیەکان و رێگری و ئاستەنگ دروست کردن بۆ هاتوچۆی هاولاتیان و پەلاماردان و ئازاردانی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و سوکایەتی كردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو، چەند کەسێک بەشێوەی بەرنامە داڕێژراو پەلاماری مەفرەزەیەکی ئەمنی دەدەن و لە کاردانەوەی بەرگریکردن لەخۆو دەستگیرکردنی کەسەکان، جێگەی داخە کارمەندێک کاردانەوەی توندی دەبێت و ئازاری یەکێک لەو کەسانە دەدات.

بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکردوە، ئێمە‌ دوپاتی دە‌كە‌ینە‌وە‌ بەردەوامین لەسەر بە‌رپاكردنی ئاسایش بۆ سەرجەم هاوڵاتیان بە خۆپیشاندەرانیشەوە، لەهەمان کاتدا نیگەرانی خۆمان دەردەبرین بەرامبەر هەموو توندوتیژیەک. 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە‌ سەرجەم ھاوڵاتییانی شارەکەمان رادەگەیەنین؛ سەبارەت بە رەفتاری ئەو کارمەندە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیمان دەست بەجێ هەستا بە دەستبەسەرکردن و ئەنجامدانی کاری یاسایی لەگەڵ ئە‌و كە‌سە‌، لێرەوە رایدەگەیەنین ڕێگە بە هیچ ئەفسەرو کارمەندێک نادرێت کاردانەوەی توند و دور لە یاسا لەگەڵ  خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن. 

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت" ئاگاداری خوێندکاران دەکەین كە‌ ئێمە‌ پاڵپشت و پشتیوانی داوا رەواکانیانین و لە هەمان کاتدا داواکارین خوێندكارانی خۆشە‌ویست زیاتر چاوکراوە و بە ئاگابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان داواو خواستی خوێندکاران بقۆزنەوە و ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەیان بگۆرن بۆ ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی شاری سلێمانی و سەرجەم هاولاتیان". 


AM:11:03:24/11/2021