حکومەت: بڕیاری پێدانی دەرماڵەی نەداوە


وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "حکومەت بڕیاری پێدانی دەرماڵەی بە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەداوە".

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری پێدانی دەرماڵەی بە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەداوە و پشتگیری دارایی بۆ بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتگوزاری ناو زانکۆ دابین کردووە".

هەروەها وتیشی "بڕە پارەیەک وەک پشتگیری دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان کراوە بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتگوزاری". 

جوتیار عادل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو بڕە پارەیەش دیاری نەکراوە کە وەک پشتگیری دەدرێت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

لەبارەی دەستگیرکردنی خوێندکارانیشەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەی پەیامنێرانی نەدایەوە.

وتیشی "ئەو رەفتارانەی لە خۆپیشاندانەکاندا دەکرێت رەفتاری خوێندکاران نیین و دەستێک هەیە بۆ بەلارێدانی داخوازییەکانیان". 

ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندانی نارەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانی دەرماڵە و دژی نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامی هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژ و تەقەیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.



PM:07:19:24/11/2021