"لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕای هەبوو، دەشمان وت بڕۆخی دوژمنی رەفتار فاشی"

پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت" لە زۆر وڵات بە تایبەتی لە سایەی ئەو ڕژێمی بەعسە رەفتار فاشیستە دوژمن بە کوردەی کە خەباتمان دەکرد لە ژێر چنگی رزگارمان بێت دەرماڵە ھەبوو ، بەندە ١٠ ساڵ دەرمالەم وەرگرت و دەشمان وت بڕۆخی دوژمنی رەفتار فاشی". 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (بەڵێ دەرماڵە بۆ خوێندنی بە خۆڕایی هەیە) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت" لەزۆر وڵات بە تایبەتی لەسایەی ئەو ڕژێمی بەعسە رەفتار فاشیستە دوژمن بە کوردەی کە خەباتمان دەکرد لە ژێر چنگی رزگارمان بێت دەرماڵە ھەبوو، بەندە ١٠ ساڵ دەرمالەم وەرگرت". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە پۆلی دووەمی ناوەندی لە ماوەتەوە ھاتمە شار و لە ماڵی برا گەورەکەم بووم جارێ ماڵی خۆمان نەھاتبوو، رۆژێک تیمێک لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەوە ھاتن بۆ قوتابخانەکەمان « ناوەندی برایەتی لەگەرەکی ئاشتی نزیک مزگەوتی دارالسالام» وتیان کێ خەڵکی دەرەوەی شارە ناوی دەنوسین بۆ بەشی ناوخۆیی، ئەوەی خەلکی دەرەوە بوو دەستی بەرزکردەوە، بەندە دەستم بەرز نەکردەوە، ھاورێکانم وتیان بۆ دەست بەرز ناکەیتەوە خۆ تۆش خەلکی دەرەوەی شاری، وتم من نامەوێ بچمە بەشی ناوخۆیی و لە ماڵی براکەمم، وتیان باشتر ئەگەر نەچی بەخارجی دەتنوسن و جگە لە دەرماڵە پارەی زیاتریشت دەدەنێ لە جیاتی بەشی ناوخۆیی، ناوم نوسی تیم رۆیشتن، سەری مانگ ئەوانەی ناومان نوسیبوو بانگیان کردین بۆ « دار الطلبە » لە نزیک ئامادەیی کوردستانی کچان لەوێ ناویان خۆێندینەوە بەسەرە دەچوینە بەردەمی ژمێریارەکە کە ئافرەتێک بوو ئەوەی لە بەشی ناوخۆیی بون بڕی ٢٣ دینار و ئەوەی خارجی بوو واتە لە دەرەوەی بەشی ناوخۆیی بوو ٣٣ دیناریان داینێ، سێ دە دیناری و سێ تاک دینار کەتا ئەوکاتە شتی وام بە دەستی خۆمەوە نەبینیبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە" دوای ئەوە جەنگی ئێران و عێراق دەستی پێکرد ١١ دیناریان کەم  کردەوە و کردیان بە ٢٢ دینار تا پۆلی شەشەم (دوازدەی ئێستا) ھەموو مانگێک دەچووم ٢٢ تاکە دینارم وەردەگرت نیوەیم خەرج دەکرد و لێشم زیاد بوو ئەویترم دەدا بە دایکم". 

لەتیف شێخ مستەفا باس لەوەش دەکات، لە زانکۆی بەغداش وەرگیراین جگە لە بەشی ناوخۆیی بە پێداویستیەکانی وەک جێگای خەوتن و لۆکەر و ئاوی گەرم ، ٢٢ دینارەکەشمان بەردەوام بوو، جگە لەوەی چێشتخانەی بەشی ناوخۆیی خواردنی بە نرخێکی رەمزی زۆر کەم پێ دەفرۆشتین، ھەر دەشمان ووت بروخێ دوژمنی بەعسی رەفتار فاشی دژ بە کورد.

بڵاوکراوەکەی لەتیف شێخ مستەفا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سەڵاحەدین لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی گرفتی خوێندکاران چارەسەر بکەین، وتیشی" خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم خۆڕاییە، بۆیە لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت".


PM:05:01:27/11/2021