حکومەتی هەرێم: پێویستە حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێم بلاویکردەوە، پێویستە حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکات.

ئەمڕۆ هەینی، ٣ی کانونی یەکەم، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ رێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکات.

دەقی راگەیەندراوی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

حکومەتی هەرێمی کوردستان: بە توندی سەرکۆنەی هێرشی داعش دەکەین بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و هێزی پێشمەرگەی کوردستان
شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش هێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر هاوڵاتییانی گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو هێرشەدا چەند هاووڵاتییەکی گوندەکە شەهید بوون و لە کاتی بەهانەوە چوون و ڕاوەدوونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید و برینداربوون.

ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانەش دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

دووپاتی دەکەینەوە کە بۆ رێگری کردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هاوئاهەنگی وکاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا.

د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١



PM:03:01:03/12/2021