لاهور جەنگی: کوشتنی موراد لەلایەن کەسانی نێو یەکێتییەوە بڕیاری لێدراوە


لاهور جەنگی کە ئەمڕۆ سەردانی گۆڕی موراد کانی کوردەیی کرد لە پەیامێکدا، رایگەیاند " کوشتنی موراد کانی کوردەیی لەلایەن کەسانی نێو یەکێتییەوە بڕیاری لێدراوە و بە دیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی یەکێتی ئەنجامیانداوە" و وتیشی"هەرگیز نابم بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە".

  ئەمڕۆ هەینی ٣ ی کانونی یەکەم لاهور جەنگی، سەردانی دەڤەری بتوێنی کرد و لە شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە ناحیەی بێتواتە سەردانی خێزان و کەسوکاری ( موراد کانی کوردەیی و هاوکار نازم)ی کرد، دواتر لە هەردوو شارۆچکەی شکارتە و گوندی مێرگەسەر سەردانی خێزان و کەسوکاری (خۆشناو وەیسی و سەرکار فاخیر)ی کرد کە ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە هێرشێکدا لە ڕانیە کوژران.

نوسینگەکەی، لاهور شێخ جەنگی لەو  راگەیاندنەدا کە بەهۆی سەردانەکەیەوە بڵاوکرایەوە، لاهور جەنگی وتوویەتی" ئەوەی زیاتر ئێمە و ئێوەی نیگەران کردووە ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە لایەن نەیار و دوژمنەکانمانەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن دۆست و هەڤاڵانی خۆمانەوە بڕیاری لێدراوە و بە دیاریکراویش چەند کەسێکی نابەرپرسی ئەمنیی حزبەکەی خۆمان بەرامبەر کەسێک ئەنجامیانداوە کە جگە لەوەی کادر و فەرماندەیەکی دڵسۆز و بە ئەمەک بووە بۆ حزبەکەی، خاوەن سێ برای شەهیدە، بنەماڵەی شەهیدەکانیش لە پێناو یەکێتیی و ئازادیی خاکی کوردستان دەیان شەهیدیان بەخشیوە."   

  لە راگەیاندنەکدا ئەوەش خراوەتە ڕوو "چۆن دەبێت ئاوا بێوەفابین بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و لە پێناو پلە و پۆست و ویستی شەخسی، دەست بدەینە ململانێیەکی سیاسیی ناشەریفانە و دەستمان سوور بێت بە خوێنی هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان و هەرچی لەگەڵمان نەبوو یان بە دڵی ئێمە نەبوو، هەڵبکوتینە سەری و بە تۆمەتی بێبنەما و ناڕەوا دەستگیریان بکەین و کادری یەکێتیی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا تیرۆر بکەین."   

لاهور شێخ جەنگی دەشڵیت " خۆم بە شەرمەزار دەزانم بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (یەکێتیی نوێ) ڕوویانداوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنم یەکێتییەکەی مام و حزبی شەهیدان ئەو یەکێتییەی ئێستا نییە و بەندەش هەرگیز نابێت بە بەشێک لەو (یەکێتییە نوێیە)ی کە ئێستا هەندێک وا ناوزەدیان کردووە."   

هاسەرۆکی دەسەڵات لێسەندراوی یەکێتی دەشڵێت " باشترین هەنگاو کە بنرێت بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی کەمی توڕەیی و خەم و ئازاری خێزان و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە، ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیە و بە سزاگەیاندنیانە لە دادگایەکی عادیلانە."   



PM:09:01:03/12/2021