جەبار یاوەر: هێزە عێراقییەکان ناتوانن بۆشایی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان پڕبکەنەوە


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھێزە عیراقییەکان ناتوانن ناوچە جێناکۆکەکان بپارێزن کە بۆشایی ئەمنییان تێدا دروست بووە. دەشڵێت، " ئەگەر حکومەتی عێراق ڕەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە".

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق ڕەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن، پێشتر ھێزی کوردستانی لێبووە.

لە درێژەی قوسەکانیدا وتی"، بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە پێشمەرگە لەو ناوچانە کشانەوە تا شەڕێکی خوێناوی گەورە دروست نەبێت، بێگومان ئێستا ئەو ناوچانە بۆشایین ناتوانن ھیچ چالاکیەکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام بدەن لەبەر ئەوە ئێستا ئەوان ھەوڵدەدەن بۆ ئەوەی بەھاوبەشی لەگەڵ عێراق بچن کۆتایی بە بوونی داعش بھێنن".

باس لەوەش دەکات، ھێزەکانی عێراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان نییە، ھەروەھا توانای کۆنترۆڵکردنیان نیە، بەھۆی ئەوەی ئەو ھێزانە جۆراو جۆرن، جگە لەوەی شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیان نین.

جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو، "لە ھەموو کۆبونەوەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق داوای ئەوەمان کردووە بەتایبەتی کە ئێمە دوو لیژنەی باڵامان ھەیە لیژنەی باڵای ھەماھەنگی لە وەزارەتی پێشمەرگە وە لیژنەی باڵا بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە بە ھێزێکی ھاوبەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقەوە پڕبکرێنەوە و ئامادەین کە ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی سەربازی ئەنجام بدەین".

لەبارەی کاری ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، تا ئێستا توانیویانە دوو ھەنگاو بنێن، ھەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ناوەندی ھەماھەنگییان دامەزراندووە کە لە ئێستادا شەش ناوەندی ھەماھەنگی ھەیە. دووەم، ھەماھەنگی دەکەن لە بابەتی ھەواڵگری و زانیاری سەبارەت بە داعش، جگە لەوەش ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی ھێزە عەسکەرییەکان، ھەروەھا ئەگەر داواکراوێک ھەبێت لە ھەر ناوچەیەکی عێراق دەتوانن ئاڵوگۆڕی داواکراوەکان بکەن.

وتیشی، "خاڵێکی تریش ئەوەیە کە دوو لیوای ھاوبەش دروست بکەین، کە لە سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکبێت و تێکەڵ بن، ئێستا ئەو دوو لیوایە لە مەشقدان ، لیواکەی پێشمەرگە لە مەشقدایە لە وەزارەتی پێشمەرگە لیواکەی تریش لە مەشقدایە لە عێراق".

جەبار یاوەر ئاشکرای کرد، ە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک، دیالە، ھەولێر، موسڵ، سەڵاحەدین، بۆشایی دروست بوو، ھێزەکانی عێراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان نیە، ھەروەھا توانای کۆنترۆڵکردنیان نیە.

لەبارەی ئەنجامدانی ھێرشی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتی، " ھۆکاری ئەوەی داعش لەم ماوەیەدا ھاتووە رووی لە ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێزەکانی عێراق لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک ئۆپراسیۆنی گەورە (کێوماڵکردنێکی) گەورەی لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و موسڵ ئەنجامدا، لەبەر ئەوە ئەو تیرۆریستانە دوورکەوتنەوە لەو ناوچانەی عێراق ھاتونەتە ئەمبەر پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدەن، وە ئەو ھەلەشیان قۆستۆتەوە کە ھێشتا حکومەتی نوێی عێراق دانەمەزراوە و کێشە لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەیە ئەوان دەیانەوێت ئەوە بقۆزنەوە و خۆیان پیشان بدەن کە ئەوان ھەن".

لەبارەی گەیشتنی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدەست ھێزەکانی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەدا، "کامێرای حەراری، لەلایەن ھاوپەیمانانەوە نەدراوە بە پێشمەرگە، زۆر بەکەمیش دەستدەکەوت، ئەگەر دەستیش بکەوێت زۆر گرانە، بەڵام ئێستا بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم، پێش ماوەیەک لیژنەیەکی سەرۆکایەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی ھەموو بەرەکانی جەنگییان کرد، ھەموو پێداویستییەکانی پێشمەرگەیان نوسیووە یەکێک لەوانە ئەو کامێرای چاودێرییەیە کە بڕیار وایە ھەفتەی داھاتوو بگاتە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی دابنرێت لەو پێگەیانە بۆ چاودێری کردنی دەوروبەرییان".

لەبارەی ئەو ھەواڵەی فەرمان بە پێشمەرگە نەکراوە تەقە لە چەکدارانی داعش بکەن، جەبار یاوەر ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەتیکردەوە و وتی، "ئەوە شتێکی راست نیە، یانی چۆن دەبێت دوژمنەکەت بێت و تەقەی لێنەکەیت، یانی خۆ ناوەستیت تا بتکوژێت، لەبەر ئەوە بەھیچ جۆرێک فرمانی لەوجۆرە نیە کە تەقە لە داعش نەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دووبارە بوونەوەی ھێرشەکانی داعش بۆسەر ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەچەند رۆژی رابردوودا، ھەر ئەمڕۆ بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی ھەماھەنگی کردنی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی پاراستنی ئاسایشییان بۆ ھەردوولا گرنگە تا پلانێکی نوێ بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش دابنێن، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم گەیشتنە بنکەی سەرەکی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە بەغدا.



PM:12:21:04/12/2021