٩٩%ی نەوتی کەرکوک لەژێر دەستی پێشمەرگە دایە

ئەو دوو وێستگەیەی لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوە رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێ و داعش تەنیا یەک کێڵگەی نەوتی لەژێر دەستە و ئێستاش کاری قاچاخی پێوە دەکات.

پاش دەست بەسەرداگرتنی ھەردوو وێستگەی (بای حەسەن و کەرکوک) لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە، ئێستا ٩٩%ی نەوتی کەرکوک دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەو بەگوتەی سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای نەوتی باکوور، داعش تەنیا یەک کێڵگەی نەوتی لەژێر دەستدا ماوە و  لەسنووری حەمرینەوە کاری قاچاخی پێوە دەکات.

سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای نەوتی باکوور  کە نەیویست ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵی وتوه‌: "ئەو دوو وێستگەیەی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا گیراوە دوو وێستگەی گرنگن لەکەرکوک وسودی زۆری دەبێت چونکە لەو شوێنەوە نەوت وڕەوانەی دەرەوە دەکرێت."

وتیشی: "ئەگەر بێت وکەرکوک بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان ئەوە دەست بەسەراگرتنی ئەو وێستگانە پێگەی کورد زۆر بەھێز دەکات."

قەزای حەویجە کە دەکاتە ٣٨%ی رووبەری پارێزگای کەرکوک، بە بڕوای پسپۆڕانی بواری وزە ناوچەی حەویجە ناوچەیەکە بەرھەمی نەوتی تێدا نییە، تەنھا یەک گێڵگە نەوت لەسنووری ناحیەی(زاب) ھەیە کە ئەوش بەرھەمی کەمە.

بەبڕوای ئەو سەرچاوەیە کە ھاوکات پسپۆڕی بواری نەوتیشە، لەئێستادا داعش لەسنوری تکریت گێڵگەی عەجیلی کۆنترۆڵ کردووە لەسنوری حەمرینش گێڵگەیەکیان کۆنترۆڵ کردووە کە ئەو گێڵگەیە رۆژانە توانای بەھەرمھێنانی ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەیەو کاری قاچاخی پێوە دەکرێت.

 لەئێستادا داعش لەدەوروبەری کەرکوک خاوەن یەک گێڵگەی نەوتیە  لە(زاب) ولەسنووری پارێزگای تکریت خاوەن دوو گێڵگەی نەوتیە گێڵگەی عەجیل لەنزیک تکریت وگێڵگەی حەمرین بەڵام تاکو ئێستا گێڵگەی عەجیل کارانەکراوەو بەھەرمی نیە.

ئەمە جگە لەوەی کە لەسنوری ناحیەی (زاب)ی سەر بەقەزای حەویجە لەلایه‌ن چەکدارانەوە دەستگیراوە بەسەر گێڵگەیەکی نەوت، بەڵام ئەو گێڵگەیە بەرھەمی نییەو پێش دەست بەسەراگرتنی کاری پێ نەکراوە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە.

ئەو سەرچاوە باسی لەوەشکرد کە ئەو وێستگەیەی  ھێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بەسەردا گرتووە رۆژانە توانای بەھەرم ھێنانی ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت زیاتریان ھەیە.



PM:04:31:12/07/2014