بەیاننامەی حكومەت سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك

ماڵپەری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆنترۆڵكردنی كێلگە نەوتیەكانی كەركوكەوە بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاو كردوەتەوە و رایگەیاندوە" ئەندامانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پاراستنی نەوتی كەركوك جوڵان لەپێناو پاراستنی ئاساییشی كێڵگە نەوتیەكانی بای حەسەن و ناوچەی مەخمور پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان كردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆریەی كە بەم دواییانە دوو لایەنە رێكەوتنی لەسەر كرابوو و كێڵگەی ئاڤانا دۆم دەبەستێتەوە بە كێڵگەی خورمەڵەوە."


دەقی بەیاننامەكە:

ئەم بەیانیە، ئەندامانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پاراستنی نەوتی كەركوك جوڵان لەپێناو پاراستنی ئاساییشی كێڵگە نەوتیەكانی بای حەسەن و ناوچەی مەخمور پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان كردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆریەی كە بەم دواییانە دوو لایەنە رێكەوتنی لەسەر كرابوو و كێڵگەی ئاڤانا دۆم دەبەستێتەوە بە كێڵگەی خورمەڵەوە.

ئێستا كێڵگەی بای حەسەن و كێڵگەكانی تری قەزای مەخمور بە سەلامەتی لەژێر بەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان. حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕواندەكات بەرهەمهێنان لەم كێڵگانەدا بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوام بێت. كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكوور كە پێشتر ئەم كێڵگانەیان ئیشپێكردووە ئاگاداركراونەتەوە كە لە سبەینێوە چاوەڕێیان لێدەكرێت هاوكار بن لەگەڵ بەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. ئەوانەی نایانەوێت هاوكاربن دەتوانن بڕۆن.

مەبەست لە نەخشەكێشان و دروستكردنی ئەو بۆریە نوێیەی كە خورمەڵە بە ئاڤاناوە دەبەستێتەوە بە تەواوی ئاسانكاریكردن بووە بۆ هەناردەكردن لە كێڵگەكانی مەخمور و ئاڤانا و ناوچەكانی كەركوك لەرێگەی تۆڕی هێڵی بۆری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەپێناو یارمەتیدانی زیادكردنی داهات بۆ خەڵكی عێڕاق لەم كاتی پێویستیە زۆردا و لە كاتێكدا زۆربەی هێڵی بۆری عێراق– توركیا لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایە.

ئەم ژێرخانە نوێیە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروستكراوە و پارەی دراوە و حكومەتی هەرێم بە هاوكاری تەواوەوە كاری لەگەڵ بەرپرسان و ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكووردا كردووە. بەڵام رۆژی پێنچشەممە حكومەتی هەرێمی كوردستان زانی كە هەندێك بەرپرسی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی فەرمانیان كردووە بە ژمارەیەك لە كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ ئەوەی هاوكاریان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووەستێنن و وەلفەكانی بۆریە نوێیەكە لێبكەنەوە یان لەكاریان بخەن.

كێڵگەكانی ئاڤانا و مەخمور لە مانگی ئازارەوە نەیانتوانیوە هەناردە بكەن چونكە بۆری سەرەكی عێراق– توركیا بەهۆی هێرشە تیرۆریستیەكانەوە شكێنراوە. هێڵی بۆری سەرەكی عێراق بەزۆری دەكەوێتە ئەو ناوچەیەی كە بەم دواییانە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە تەسلیمی داعش كرا.

سەرباری نەتوانینی هەناردەكردن و وەستانی پاڵاوتن لە بێجی، كێڵگەكانی ئاڤانا و مەخمور نزیكەی ١١٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتیان رۆژانە بەرهەم دەهێنا و بڕی غازەكەی ناویشیان سوودی لێوەردەگیرا بۆ یارمەتیدانی ئیشپێكردنی كارگەی بوتڵی غازی كەركوك.

بەڵام لەبری بەكارهێنانی بۆریە نوێیەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوتە بەرهەمهێنراوەكە، بەپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوور لەلایەن بەغداوە فەرمانیان پێكرا بۆ گێڕانەوەی نەوتەكە بۆ كێڵگەیەكی بچووك و بەكارنەهێنراوی كەركوك. ئەم بڕیارە، كە پاڵنەری سیاسی لە پشتە، دەبووە هۆی زەرەر و زیانێكی گەورە بە كێڵگەكە و بەفیڕۆچوونی هەمیشەیی زۆربەی ئەو نەوتەی كە گێڕابوەوە. هەروەها دەبووە هۆی بێ بەشكردنی خەڵكی عێراق لە داهاتی هەناردەكردنی نەوت كە لە ئێستادا پێویستیەكی گەورەیە.

لە ئێستا بەدواوە، بەرهەمی ئەو كێڵگە نوێیانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان بەكار دەهێنرێت بۆ پڕكردنەوەی كەمی بەرهەمە پاڵێوراوەكان لە بازاڕی ناوخۆدا. ئەمەش باری سەرشانی هاوڵاتیانی ئاسایی سووك دەكات كە لە ئەنجامی شكستی دەسەڵاتی فیدراڵیەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی نەوت لەو ناوچەیەدا دروستبووە.

هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی دەستووری داهاتی نەوت كە لەم كێڵگانەوە بەدەستدێت وەردەگرێتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە داراییە گەورەیەی كە بەهۆی بڕینی نایاسایی پشكی ١٧٪ ی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی لەلایەن بەغداوە دروستبووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای كراوە بووە و هەمیشەش كراوە دەبێت بۆ هاوكاریكردن و هەماهەنگی كردن لەگەڵ بەغدا بەپێی ماف و بەپرسیارێتیەكانی هەرێمەكان هەر وەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا ئومێدەوارە كە بەغدا واز بهێنێت لە پیادەكردنی سیاسەتی ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری سزائامێز دژی هاوڵاتیانی كوردستان.

رووداوەكانی ئەم بەیانیە دەریانخست كە حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر پاراستن و بەرگریكردن لە ژێرخانی نەوتی عێراق هەر كاتێك لەژێر هەڕەشەدا بێت بەهۆی كردەوەی تیرۆریستی یان، لەم حاڵەتەدا، بەهۆی تێكدانێكەوە كە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە.



PM:05:23:12/07/2014