سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بکرێت

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات لێكۆڵێنەوە لە راست و دروستی ئەو هەواڵە بکرێت کە گوایە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم  خانوویی کڕیوە لەئەمریكا بە بەهای ١٨ ملیۆن دۆلار.

 

ئەمشەو سێشيممە ٧ی کانوونی یەکەم، لەسەر کرینی خانوویەک بە نرخی ١٨ ملیۆن دۆلار، د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووکی خۆی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە هەر دوو دەستەی دەستپاكی هەرێم وفیدراڵ لێكۆڵینەوە بكەن لە راستی ودروستیی زانیارییەكانی ناو ئەم راپۆرتە كە ئاماژە دەدات بەوەی مەسرور بارزانی خاوەنی موڵكێكە لە ئەمریكا بە نرخی ١٨.٣٠٠ملیۆن دۆلار، سەرەڕای گومانی هەبونی چەند موڵكێكی گرانبەهای تر".

 

سەرۆکى پێشووی پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت "پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لەوەی ئایا زانیارییەكانی ناو ئەم راپۆرتە دروستن؟ ئایا ناوبراو بەپێی یاسا فۆڕمی هەر دوو دەستەكەی پڕكردۆتەوە؟ ئایا زانییاریی داوە لەسەر ئەو موڵكانە؟ "

 

د. یوسف وتیشی  "ئەگەر زانیارییەكان راستن ئەو پارەیەی لە كوێ هێناوە؟، ئەگەر لێكۆڵینەوە لەم بابەتە نەكرێت باشترە هەر دوو دەستەكە هەڵبوەشێنرێنەوە".

 

ئەمڕۆ سێشەممە له‌ڕاپۆرتێكدا به‌ناونیشانى (پاشماوه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌عێراقه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تى میامى) ڕۆژنامه‌ی (زه‌ ئه‌مریكان پرۆسپێكت)ى ئه‌مریكى به‌ڵگه‌نامه‌ى كڕینى خانویه‌ك له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ به‌هاكه‌ى ١٨ ملیۆن دۆلاره‌.

 

ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ئه‌و خانوه‌ى مه‌سرور بارزانى كڕیویه‌تى له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى وه‌همیه‌وه‌ له‌شارى دیلاوێر كڕدراوه‌، به‌ڵام كڕیاره‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانیه‌.



PM:11:11:07/12/2021