لە بەسرە باری نا ئاسایی راگەیەندرا

بەهۆی دیارنەمانی ١٠٠ بۆمبی هێشووییەوە کە لەلایەن تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە پارێزگاکەوە کۆکراونەتەوە لە بەسرە  باری نا ئاسایی راگەیاندرا.

میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەکانیان لە سوپای عێراق و لە بەسڕەوە رایانگەیاندووە" پۆلیس ئاگادارکردنەوەیەکی پێگەشتووە لەبارەی دیارنەمانی حاویەیەک کە ١٠٠ بۆمبی هێشووی تێدابووە و لە ناحیەی زوبەیری پارێزگای بەسرە بووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، بۆمبەکان لەلایەن تیمێکی نەرویجییەوە لە ناوچەی بیابانەکانی رومەیلە کۆکراونەتەوە، کە ئەو ناوچەیە ٦٠ کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورە؛ هەر بۆیە مەترسی راستەوخۆ لەسەر شارەکە دروست ناکات.

بەرپرسانی ناوچەکە هاوڵاتیان و ناوچەکانی پیشەسازییان ئاگادارکردووەتەوە لەبارەی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ هیچ شتێکدا نەکەن کە جێگەی گومانە و هەر شتێکی گوماناویی هەبوو هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.

هەر ئەمڕۆ دوای تەقینەوەیەک رۆژی سێ شەممە لەو شارە ئەنجامدرا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە بە پەلە گەیشتە شارەکە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکەی کە تیایدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.



AM:12:44:09/12/2021