ئاسایشی سلێمانی: گرووپێکی سەر بە داعشمان دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنیت لە چەندان شوێنی پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور لەچەند هەڵمەتێکدا گرووپێکی " تیرۆریستی " داعشیان دەستگیرکردووە کە هەوڵی تێکدانی ئارامی ناوچەکەیان داوە.

لەو راگەیاندنەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە" لەئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری وورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش دەست خستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی  ھەرێم تێکبدەن" .

لە راگەیاندنەکەی ئاسایشدا هاتووشە "پاش وەرگرتنی بڕیاری  بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، بەهاوکاری هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور ،  لەھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا رۆژی چوارشەمە ٨ ی ١٢ ی ٢٠٢١   ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش  لە شاری هەڵەبجە  ، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا  کە  پیلانیان  دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن" .

ئاسایشی سلێمانی کە ژمارە و رەگەز و نەتەوەی ئەو گیراوانەی بڵاونەکردۆتەوە، تەنها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، " لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگەو دۆکۆمێنتی دروست زانیاری زیاتر لەبارەی شکستپێھێنانی تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ رایگشتی بڵاودەکەینەوە" .



PM:06:30:09/12/2021