بەندکراوێکی خەڵکی شاری مێهران لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێک بە ناوی (ڕوحوڵڵا مەلەکی) تەمەن ٣٠ سال و خەڵکی شاری مێهران کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لەناو بەندیخانەی ئیلام و لە ڕێگای خواردنی دەرمانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕوحوڵڵا مەلەکی دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە گوازراوەتەوە بۆ بنکەی تەندروستی بەندیخانەی ئیلام، لەوێ گەدەیان شۆردووە و بەبێ ئەوەی هیچ چاوەدێرییەکی پزیشکی هەبێت و لە کاتێکدا باری تەندروستی ناجێگیر بووە گەڕێندراوەتەوە بۆ ناو بەندەکەی خۆی و هەر بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستدا.
ڕوحوڵڵا مەلەکی خەڵکی لە ساڵی (٢٠١٢) بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستگیراوە و دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئیلامەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، بەڵام بەبێ هۆکار سزاکەی بەسەردا جێبەجێ نەدەکرا، هەربۆیە ناوبراو چەندین جار ناڕەزای دەربڕیبوو و مانی لە خواردن گرتبوو.