شێرزاد حەسەن بۆ ئەوانەی هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن:
بکوژی من سەروماڵی سەلامەت بێت‌و کەس ئازاری نەدات


نووسەری دیاری کورد، شێرزاد حەسەن لە پای ئەو هەڕەشەی کوشتنەی لێیدەکەن دەڵێت " ئەو کەسەی من دەکوژێت، داوا دەکەم سەر و ماڵی سەلامەت بێت و کەس ئازاری نەدات".

شێرزاد حەسەن رۆشنبیر و چیرۆکنووسی دیاری کوردستان لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنەی کە دەڵێێ" ناوەندی خوێندنی ئێمە داعش بەرهەم دەهێنێت" کە لەلایەن چەند ناوەند و کەسانی ئاینیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لێدەکرێت لە نووسینێکدا دەڵێت " ئەمن لە کوردستان رۆژانە دەمرم و دەمرم و دەمرم لە پای کۆمەڵێك خەمی گەورەی ئینسانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا، رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ناژمێردرێت".

لە درێژەی ئەو نووسینەدا دەشڵێت " هەر لە سۆنگەی ئەم ژیانە درامی و تراژیکەی ئێرە گەر کەسێك بە ناوی خودا و پاکردنەوەی سەرزەمین لە منی فاسق و  شاگردی شەیتان: خۆیان واتەنی.. فیشەکێکم پێوە بنێت، ئەوسا ئەو هەموو مەرگە هێواش و نەبڕاوە لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و بگرە جەستەیی کە پێوەی دەتلێمەوە کە هەر هەمووی خەم و دەرد و وەیشوومە و ئافاتی خەڵکییە، نەك هی خۆم، ئەوسا ئەو بکوژە ئەمن لەو هەموو شێوازی کوشندەی مەرگی رۆژانە؛ سەرفراز و قورتارم دەکات، پەیامیشم بەجێهێشتووە کە بکوژی من سەر و ماڵی سەلامەت بێت و کەس ئازاری نەدات".
  
 نامەکەی کاک شێرزاد:

"ئەمن لە کوردستان رۆژانە دەمرم و دەمرم و دەمرم لە پای کۆمەڵێك خەمی گەورەی ئینسانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا، رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ناژمێردرێت.

هەر لە سۆنگەی ئەم ژیانە درامی و تراژیکەی ئێرە گەر کەسێك بە ناوی خودا و پاکردنەوەی سەرزەمین لە منی فاسق و  شاگردی شەیتان: خۆیان واتەنی.. فیشەکێکم پێوە بنێت، ئەوسا ئەو هەموو مەرگە هێواش و نەبڕاوە لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و بگرە جەستەیی کە پێوەی دەتلێمەوە کە هەر هەمووی خەم و دەرد و وەیشوومە و ئافاتی خەڵکییە، نەك هی خۆم، ئەوسا ئەو بکوژە ئەمن لەو هەموو شێوازی کوشندەی مەرگی رۆژانە؛ سەرفراز و قورتارم دەکات، پەیامیشم بەجێهێشتووە کە بکوژی من سەر و ماڵی سەلامەت بێت و کەس ئازاری نەدات، چونکە ئەمن دەزانم ئەو زاتە خوێنگەرمە بۆچی منی کوشتووە، بەڵام ئەوی بێگوناه کە بکوژی منە.. هەرگیزا و هەرگیز نەیزانیووە لەبەرچی و لە پای چی منی کوشتووە، تەنها ئەوەندەیان پێوتووە کە ئەگەر خوێنی من برژێت، ئەمنی سەرگەردان و ماندوو لە دونیا هەردوو دەستەکانی سەوز دەبن و بە بەهەشتی بەرین شاد دەبێت کە سیخناخە لە حۆری و غیلمان. ئەوانە گوناهبارن کە گوایە بێ گوناهن چونکە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە و بۆ بکوژەکەیان ڕوننەکردۆتەوە کە کوشتن گوناهە و کارێکی خراپە..   تەواو."



PM:10:24:14/12/2021