د. شێرکۆ جەودەت: ئاواتی شێخ جەناب باش دەزانێت کێ پارە دەشارێتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئاواتی شێخ جەناب، باش دەزانیت ئەم پارەیە دەشاردرێتەوەو ڕادەگیرێت، دەشڵێت " جێگری سەرۆكی حكومەت تۆ بەرپرسی بەرامبەر بە نادیاری داهاتی پارێزگای سلێمانی". 

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەوە بۆ 50 ڕۆژ دەچێت كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داواكەوتووە، ئەوەی كە ڕوویداوەو هەموان دەیزانن، راستیەكەی ئەوەیە كە داهاتی پارێزگای سلێمانی دەست تێوەردانی تێدا دەكرێت، لەبەرامبەردا داهاتی هەریەكە لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆكیش دەست تێوەردانی تێدا دەكرێت، پارە بەلا دەخرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاشكرایكرد: بەرێوەبەری بانكی سلێمانی ئاگاداری ئەم یاریە قێزەونەیە كە دەكرێ، زۆنی سلێمانی لە لایەك و لە بەرامبەردا زۆنی هەولێرو دهۆك داهاتەكانیان نانێرن بۆ وەزارەتی دارایی.

شێركۆ جەودەت ڕوو دەكاتە وەزیری دارایی و لێی دەپرسێت: كاك ئاواتی شێخ جەناب، باش دەزانیت ئەم پارەیە دەشاردرێتەوەو ڕادەگیرێت، بۆچی ڕاستیەكان بە خەڵكی كوردستان ناڵێیت و بۆچی ناوەكانی نابەیت، كە كێ لە پارێزگای سلێمانی داهات گلدەداتەوەو ناینێرێ بۆ وەزارەتەكەت.

دەشپرسێ: بەرێز جێگری سەرۆكی حكومەت تۆ بەرپرسی بەرامبەر بە نادیاری داهاتی پارێزگای سلێمانی، هەروەها پارێزگاری سلێمانیش بەرپرسە، ئەوان كە هەریەكە لە حیزبانی بەشدارن لە حكومەت ئەوان بەرپرسیارن لە نادیاری داهاتی پارێزگاكە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو گوتیشی: تا ئێستا لە تێكڕای داهاتی ناوخۆ 21 ملیۆن دۆلار گەیشتۆتە وەزارەتی دارایی، لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بڕیاریاندا رۆژی یەك شەممە داوای داهاتەكان لە حكومەت بكەن ئەگەر ئەنجومەن ئامادە نەبوو ئاشكرای بكات ئەوا ناوی یەك بەیەكی ئەو بەرپرسانە دەبەن كە لە پشتی ئەم پەردەپۆشكردن و دەست بەسەرداگرتنەیە.



PM:05:15:16/12/2021