ئاسایشی سلێمانی خاوەن کافتریایەک دەستگیردەکات کە کچێکی شاگردی کووشتووە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژانی ئەو ژنەی راگەیاند کە تەرمەکەی لە گەڕەکی بەکرەجۆ فڕێداربوو.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کرد "سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٣ی کانونی یەکەم زانیاریمان پێگەیشت لەبوونی تەرمی ژنێکی نەناسراو لەسەر رێگای سەرەکی گەرەکی بەکرەجۆ ، دەست بەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان کرد بە کاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و لەماوەی کەمتر لە ( ٤٨ ) کاتژمێر توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێن." 

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" تۆمەتباران بە بەناوەکانی ( خ ح ع ) و ( د خ ق ) لەئەنجامی لێکۆڵینەوە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا و پێناسی تاوان لێکراویان ئاشکرا کرد کە ناوی ( د ت ع ) لەدایکبووی ساڵی ( ٢٠٠٣ )". 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، تۆمەتباران لە وتەکانیاندا ئەوەیان خستۆتەڕوو کە "پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لە یەکێک لەکافتریاکانی شاری سلێمانی بە ناوی کافتریای ( لاس فیکاس ) لەشەقامی سالم کاری کردووە و شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لەماڵی تۆمەتبار ( د خ ق ) و لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار ( خ ح ع ) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێت بە کوشتنی تاوانلێکراو ( د ت ع ) پاشان بە ئوتۆمبیلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تیدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆحەشاردانی داوە." ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "بەڵام تیمەکانی ئاسایشی سلێمانی سەرکەوتووانە توانیان تۆمەتباران دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن، دەستیش گیرابەسەر ئەو چەک و ئوتۆمبێلەی کە لەتاوانەکەدا بەکار هێنرا بوو." ئەوەشی خستووەتەروو، "لە ئێستادا تۆمەتباران لەسەر بڕیاری [دادوەر بەپێی ماددەی (٤٠٦ ) لەیاسای سزادان بەندکراون و لێکۆلینەوە بەردەوامە لەگەڵیان".



PM:07:00:16/12/2021