وه‌زاره‌تی دارایی هەرێم کەمێک پێش ئێستا له‌باره‌ی داهاتی ناوخۆ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕایگشتی بڵاوكرده‌وه و ڕایدەگەیەنێت" ده‌ركه‌وت له سایه‌ی مزایه‌ده و ئه‌نارشیزمدا ته‌نها كورد و خه‌ڵك و هه‌رێم زه‌ره‌ری كردوه".
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان له ڕوونكردنه‌وه‌کەدا ئاماژەی بەوەکردووە" په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه ساڵح له‌سه‌ر بابه‌تی داهاتی ناوخۆ و مووچه، هه‌ندێك داتا و زانیاریی باسكردوه كه دورن له ڕاستییه‌وه، لێره‌دا به پێویستمان زانی ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست له‌و باره‌یه‌وه بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان وه‌كو خۆیان و دور له شێواندن و موزایه‌ده بگه‌نه ھه‌مو لایه‌ك".
ئه‌وه‌شی خستەڕوو، خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مانگی تشرینی یه‌كه‌م ته‌نها بۆ موچه بڕی 873 ملیار دینار خه‌رجكراوه، بۆ مانگی تشرینی دووەم تا ئه‌مڕۆ، بڕی 671 ملیار دینار خه‌رجكراوه، ئه‌و 200 ملیار دیناره ته‌مویله‌یش كه حكومه‌تی فیدراڵی مانگانه ده‌ینارد له چوارشه‌ممه‌ی رابردوه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدراڵه‌وه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه نه‌نێردراوه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
باسی له‌وه‌شكردوه، جگه له داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له مانگی تشرینی دووەم كه بڕه‌كه‌ی 512 ملیار دینار بوه بۆ ته‌واوكاری موچه و خه‌رجیه‌كانی تر سه‌رجه‌میان له داهاتی ناوخۆ ته‌مویل كراوه، له ئێستادا بۆ ته‌واوكاری موچه‌ی مانگی 11ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نزیكه‌یی پێویستی به 200 ملیار دینار ده‌بێت كه بریتی یه له ته‌مویلی حكومه‌تی ناوه‌ند.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هەرێم لە بڵاوکراوەکەدا ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووە، جگه له موچه ئه‌وه‌ی له داهاتی ناوخۆ ده‌مێنێته‌وه ته‌مویل ده‌كرێت بۆ خه‌رجیه‌كانی كرێی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، پاككردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان، ده‌رمان، پێشینه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كان وخه‌رجی پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان و خه‌رجیه‌كانی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به نزیكه‌ی زیاتر له 200 ملیار دینار ده‌بێت مانگانه، كه له داهاتی ناوخۆ ته‌مویل ده‌كرێت كه له ئێستادا ئه‌م خه‌رجیانه بۆ كه‌مترین ئاست كه‌مكراونه‌ته‌وه.
ڕاشیگەیاندووە" له كۆتاییدا پرسیار له‌هه‌مو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ین كه زانیاری ناڕاست بڵاو ده‌كه‌نه‌وه جگه له نائومێدكردن و دروستكردنی بێ متمانه‌یی له‌ناو خه‌ڵكدا نه خۆیان و نه حزبه‌كانیان و كه‌سییان له هه‌ڵبژاردندا سودیان لێ نه‌بینی، ده‌ركه‌وت له سایه‌ی مزایه‌ده و ئه‌نارشیزمدا ته‌نها كورد و خه‌ڵك و هه‌رێم زه‌ره‌ری كردوه".