"دەبێ کورد لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی‌ عێراق دەربکرێت"

‌بەغدا
ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی داوا دەكات كە كورد شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی‌ عێراق دەربکرێن.

ئەسکەندەر وتووت له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ داوای دەرکردنی کوردەکانی لە شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کرد و ھۆکارەکەشی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکانی شاری کەرکوک لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگە گەڕاندەوە.

وتووت وتی "پێویستە ئێستا سەرجەم کوردەکان لە شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەربکرێن و وەک رابردووش مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێ، بە ھەزاران خەڵکی قەزای تەلەعفەر سەربە پارێزگای موسڵ لە چوونیان بۆ ناو شارەکانی ھەرێمی کوردستان بێبەشکران دوای ئەوەی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرش کرایە سەریان".

 ئەو ئەندامەی ئیئتیلافه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ به‌پێویستی‌ زانیوه‌ حکومەتی ناوەندی سەرجەم وەزیرە کوردەکان لە پۆستەکانیان دەربکات‌و لە شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دووریان بخاتەوە و یەکەیەکی سەربازی بەھێزیش بۆ دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی بۆ بەدەستھێنانەوە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە نەوتییەکان کە لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراوە، دروست بكات



PM:03:34:13/07/2014