سلێمانی.. لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵە کەسێک گیانی لەدەستدا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک شارۆچکەی تاسڵوجە ڕوداوێکی تەقەکردن لە نێوان دوو بنەماڵە روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.

پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" کەمێک پێش ئێستا لە گوندی کێلە سپی لە نزیک شارۆچکەی تاسڵوجە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵە روویدا، لە ئاکامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی تریش برینداربوون". 

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک لە قوربانییەکان ئۆتۆمبێل بەسەریاندا ڕۆشتووە، هاوکات ئەو هاوڵاتییانەی لەو شوێنەدا بوون بە چەک رووبەڕوویان بوونەتەوە.

وتیشی" سەرجەم بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی شارن و چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت".

شەوی رابردووش لە گەڕەکی ڕزگاری پارێزگای سلێمانی لە نێوان هێزەکانی کۆماندۆ و هێزی ئاڵتوونی شەڕەتەقە روویدا، کە بەهۆیەوە هاوڵاتییەک کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.


PM:05:48:17/12/2021