پۆلیسی سلێمانی: چەند کەسێک لەسەر رووداوەکەی کێلە سپی دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" لەسەر دۆسیەی كوشتی كەسێك و برینداربوونی دوو كەسی دیكە لە گوندی كێلە سپی چوار تۆمەتبار دەستگیركران". 

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئێوارەی دوێنێ هەینی لە گوندی كێلە سپی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەهۆی رووداوێكەوە سێ هاوڵاتی برینداربوون و یەكێك لەو هاوڵاتییانە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كرا و دادوەر فەرمانی دۆزینەوە و دەستگیركردنی بۆ چوار تۆمەتبار دەركرد".

باسی لەوەشكرد، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەماوەیەكی كەمدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە و بەهاوكاری مەفرەزەكانی هێزی تایبەتی بارەگای  بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتبار دەستگیر بكرێن. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا هەریەكە لە تۆمەتباران ( ج ، أ ، ر  لەدایكبووی 1990، أ ، ر ، ح  لەدایكبووی 1965، ك ، ه ، ر لەدایكبووی 1978 و ر ، ر، ح لەدایكبووی 1960) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. 


PM:02:10:18/12/2021